چیرۆکی هیوا و چاککبوونەوەی ڕەیان
چیرۆکی هیوا و چاکبوونەوەی ڕەیان
ڕەیان جوتیار بناسە، کچێکی وریاو زیرەک کە چیرۆکەکەی نیشاندەری ئەنجامی کارکردنی بێوچان و دڵسۆزانەی تیمە تەندروستییەکانە.
ڕەیان لە ساڵی ٢٠٢٠ لە شاری کەرکوک لەدایک بووە و هەڵگری حاڵەتی درزی لێو و مەڵاشوو بووە، هەر لە سەرەتای تەمەنییەوە ڕووبەڕووی ئاستەنگی بەرچاو بووەتەوە.
لە ساڵی ٢٠٢١، لە کاتێکدا هێشتا یەک ساڵان بوو، دکتۆر سۆمەرلاد گەیشت و هیوایەکی بەخشیە ڕەیان و خێزانەکەی، لە رێگەی ئەنجامدانی چەند نەشتەرگەرییەکی گرنگ.
ڕەیان لەو ساڵەدا سێ نەشتەرگەری سەختی بۆ ئەنجامدرا، کە هەنگاوێکی گرنگ بوو بۆ چاکبوونەوە. و لە هەمان کاتدا پشکنین و چارەسەری بەردەوامی بۆ کراوە لەلایەن دکتۆر نەوزاد . خۆشبەختانە ڕەیان پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام هێشتا پێویستی بە چەند نەشتەرگەرییەکی ترە بۆ تەواو چاکبوونەوەی.
ڕەیان و دوو خوشکەکەی لەگەڵ خێزانەکەیان لە شاری کەرکوک دەژین، سەرەڕای هەموو ئەو ئاستەنگانەی کە هاتوونەتە ڕێگای هێشتا منداڵێکی پڕ لە خۆشەویستی و جۆش و خرۆشە و حەز بە یاریکردن و وێنەکێشان دەکات. دایکی ڕەیان دەڵێت جوانترین تایبەتمەندی کچەکەی میهرەبانییە کە تەنانەت لە ناخۆشترین کاتەکانیشیدا ئەم ڕەفتارەی لە بیر ناکات.
ئەمڕۆ ڕەیان دەدرەوشێتەوە، ئەم گەشتە بۆ ئەو تەنها سەرکەوتن نییە بەسەر ئاستەنگە جەستەییەکانیەوە بەڵکو گرنگی چاودێری کردنی بەردەوام و ئەو دەرەنجامە ئەرێنیانەی کە بە دوای خۆیدا دەیهێنێت دەخاتە ڕوو.
چیرۆکی ڕەیان گرنگی کار و پڕۆژانەی ڕێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان و لایەنە هاوبەشەکانی دەخاتە ڕوو بۆ دابین کردنی هاوکاری پزیشکی و چاودێری بەردەوام و بەدواداچوون . و هەروەها نموونەیەکی باشە بۆ ئەوەی خەڵکی ببینن پشتگیری و هاوکاری بەردەوام دەتوانێت کاریگەرییەکی باشی هەبێت لەسەر ژیانی منداڵان و خێزانەکانیان .

















