- بڵاوکراوەکانمان
منداڵێک سپۆنسەر بکە، ژیانێک ڕزگار بکە!
سپۆنسەرکردنی منداڵ بریتییە لە دابینکردنی سەرچاوە سەرەکییەکان بە مەبەستی مسۆگەرکردنی داهاتووی منداڵێک لە ڕێگەی دڵنیابوون لە سەلامەتی و پەروەردە و تەندروستییان.
گرتنەخۆ چییە؟
گرتنەخۆ یەکێکە لە پڕۆژەکانی بەرنامەی پاراستنی منداڵپارێزی کوردستان و لە ساڵی ١٩٩١ ەوە یارمەتی منداڵانی ناوچەکە دەدات. پڕۆژەی گرتنەخۆ پشتگیری دارایی پێشکەش بەو منداڵانە دەکات کە باوکیان لەژیاندا نەماوە یاخود لە خێزانی کەم دەرامەتدا دەژین. ئامانج لە پڕۆژەکە یارمەتیدان و هاندانی منداڵانە بۆ ئەوەی لە خوێندن بەردەوام بن و دووربکەونەوە لە کارپێکردنی منداڵان و ژیانێکی شایستە بژین. پڕۆژەی گرتنەخۆ پاڵپشتی دارایی لە سپۆنسەر و کەسانی خێرخواز لە کوردستان و دەرەوەی هەرێم وەردەگرێت و دەیبەخشێت بە خێزانی منداڵەکان.
کێ پێویستی بە یارمەتی هەیە؟
ژمارەیەکی بەرچاوی منداڵان پێویستیان بە هاوکاری دارایی هەیە لە هەرێمی کوردستان. ئەم منداڵانە پێویستیان بە یارمەتی هەیە بۆ ئەوەی ژیانێکی باشتر بژین و داهاتوویان مسۆگەر بکەن. لە ئێستادا، و لە ئۆفیسەکانی منداڵپارێزی کوردستان لە سلێمانی و هەڵەبجە و هەولێر و دهۆک، نزیکەی ٣٥٠ منداڵ لە پرۆژەی گرتنەخۆدا ناویان تۆمارکراوە و چاوەڕێی سپۆنسەرکردنن. زۆر منداڵی تریش پێویستیان بە یارمەتی هەیە و تا ئێستا ناویان تۆمار نەکراوە.
چۆن یارمەتی بدەین؟
دەتوانیت یارمەتی منداڵێک بدەیت و سپۆنسەری بکەیت، واتە لەڕێگەی دابینکردنی پاڵپشتی دارایی مانگانە کە بۆ دابینکردنی خەرجییەکانی ڕۆژانە و قوتابخانە بەکاردێت. منداڵەکە نامەت بۆ دەنووسێت، و دەتوانیت بە یارمەتی توێژەرانی کۆمەڵایەتی منداڵپارێز پەیوەندی لەگەڵ منداڵ و خێزانەکانیان بکەیت. ئەمەش پەیوەندییەکی بەردەوام و مانادار دروست دەکات کە متمانەی کۆمەڵایەتی و خۆشگوزەرانی گشتی منداڵەکە بەهێزتر دەکات.
[email protected] دەتوانن پەیوەندی بکەن بە
بڕی هاوکارییەکان چەندە؟
بڕی بەخشینەکەت بڕیاری خۆتە. بەڵام نابێت لە ٥٠،٠٠٠ دیناری عیراقی کەمتر بێت کە مانگانە نزیکەی ٣٥ دۆلارە. ئەمە گرنگە چونکە ئێمە دەمانەوێت بڕی هاوکارییەکە کارا بێت و گۆڕانکاری لە ژیانی منداڵەکەدا دروست بکات.
هاوکارییەکە بۆ کوێ دەڕوات؟
دەتوانیت هاوکارییەکەت بنێریت بۆ منداڵپارێزی کوردستان، یان کارمەندانی بەشی کۆکردنەوەی داهات لێت وەربگرن. پاشان، هەر دوو مانگ جارێک دەدرێت بە خێزانی منداڵەکان.
بۆچی گرنگە یارمەتی منداڵانی کەم دەرامەت بدەین؟
قۆناغی منداڵی قۆناغێکی زۆر گرنگی ژیانی هەر تاکێکە و بە یارمەتی ئێمە دەتوانین منداڵییەکی باشتر و داهاتوویەکی گەشیان پێ ببەخشین.