چۆن تەمەنی ٩ ساڵان ڕزگاری بوو لە نەخۆشی زگماکی دڵی
بۆ ماوەیەکی زۆر دایک و باوکی تەمەن تێبینی شتێکی نامۆیان دەکرد لە کوڕەکەیاندا. تێبێنی ئەوەیان کرد، کوڕەکەیان لە کاتی ئەنجامدانی یارییە دڵخوازەکانی تووشی ناڕەحەتی دەهات، کاتێک لە دوای یاری تۆپی پێ دەگەڕایەوە ماڵەوە زەرد هەڵەدەگەڕا و ماندوو بوو و جەستەی ئازارێکی زۆری هەبوو. ئەوە تەنها ماندوو بوونێکی ئاسایی نەبوو، بەڵکو ئەو کێشەی هەبوو لە دڵیدا کە بەداخەوە کەس نەیدەزانی تا گەیشتە تەمەنی هەشت ساڵی.
دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکەی تەنها سەرەتا بوو. لەناکاو دایک و باوکی تەمەن هەواڵێکی ناخۆشیان پێدرا، پێیان ڕاگەیاندن کە دەبێت نەشتەرگەرییەکی گەورەی بۆ ئەنجام بدرێت کە بەداخەوە ئەوان توانای دابینکردنی تێچووەکەیان نەبوو. خێزانی تەمەن ئاماژەیان بەوەدا" تێچوەکەی شەو خەوی لە چاومان زڕاندبوو". لە کاتێکدا بیریان لەو تێچووە زۆرەی چارەسەرەکان دەکردەوە کە ببووە بارگرانی سەرشانیان.
کاتێک سەردانی ڕێکخراوی منداڵپارێزی کوردستانیان کرد، بارودۆخەکە گۆڕا. لەو ساتەوەی هانایان برد بۆ ڕێکخراوەکەمان ئەو هەستەیان بۆ دروستبوو کە چیتر تەنها نین. تیمە پزیشکییەکە دڵنیایان کردنەوە کە منداڵپارێزی کوردستان، تێچووی گشت چارەسەر و پڕۆسەکە دابیندەکات، خێزانی تەمەن تەنها دەبێت ئاگاداری کوڕەکەیان بن و گرنگی پێبدەن. دایک و باوکی تەمەن بە "پێدانی مژدەی بەهەشت" گوزارشتییان لە خۆشی هەواڵەکە کرد. سوپاسگوزاربوون بەرامبەر بە میهرەبانی پزیشک و کارمەندەکانی کە لەم ماوەیەدا هاوکارییان بوون.
تەمەن ئێستا لە تەمەنی نۆ ساڵیدا منداڵێکی تەواو جیاوازە. ئەو منداڵێکی تەندروست و پڕ وزەیە و ئاستێکی زۆر باشی هەیە لە خوێندنگا. ئەمڕۆ کە سەیری دەکەیت، بڕواناکەیت ئەوە هەمان ئەو کوڕەیە کە لە دوای هەر یاریکردنێک بە تەواوی شەکەت و ماندوو دەبوو.
















