سەرەڕای لەدەستدانی باوکی لە ئەنجامی تیرۆرکردنی لە ساڵی ٢٠١٧، دایکیشی لە ڕووداوێکی دڵتەزێندا لە ساڵی ٢٠٢٢ گیان لەدەست دەدات، کچێکی ١١ ساڵان بە هیوای داهاتوویەکی گەش و بەدیهێنانی خەونەکانییەوە لە هەرێمی کوردستان،کەلار دەژی.
بە پشتیوانی خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، لە تشرینی دووەمی ٢٠٢١ەوە یەکێکە لە سوودمەندەکانی پڕۆژەی گرتنەخۆی منداڵپارێزی کوردستان. لە ڕێگەی ئەو هاوکارییە داراییەی پڕۆژەکەوە توانیویەتی بەردەوام بێت لە خوێندن و ژیانێکی ئارام و دوور لە کێشە بژی لەگەڵ خوشکە گەورەکەی.
بەهۆی ناز پێدانی خوشکە گەورەکەی سەرەڕای ئەوەی هاوسەرگیری کردووە خوشکەکەی لە هەستی دایکایەتی بێ بەش نەکردووە و وەکو دایکێک ئاگاداری خوشکەکەی بووە و پشتیوانی دەکات. ئەو پشتیوانییەی منداڵپارێزی کوردستان دابینیدەکات بۆیان هەلێک دەدات بەم خێزانە بۆ مانەوە وهەنگاونان بەرەو ژیانێکی شایستەتر.
لە ڕێگەی سەردانی بەردەوامی ستافی منداڵپارێزی کوردستان کە بێوچان کاردەکەن بۆ دابینکردنی پێداویستییە هەمەجۆرەکانی، ئەمەش نەک تەنها بە دابینکردنی هاوکاری دارایی بەڵکو لە ڕێگەی پاڵپشتی دەروونی و هاوکاری کردنیان بۆ دەستڕاگەیشتن بە پەروەردە و خوێندن.
ژیان، خەونەکان، خۆڕاگری
لە ئێستادا ئەم سودمەندە خوێندکاری شەشەمی بنەڕەتییە و چێژ دەبینێت لە ساتە بەنرخەکانی ژیانی، کاتەکانی خۆی بەسەردەبات بە یاری کردن لەگەڵ پشیلە، وێنەکێشان و تەماشاکردنی فیلم. چوون بۆ شاری یاری زۆر دڵخۆشی دەکات و زۆر حەز بە خواردنی دۆڵمە دەکات و ئەگەر هەموو ڕۆژێکیش بیخوات لێی تێر نابێت.
سەرەڕای ئەوەی تەمەنێکی کەمی هەیە، بە ئومێدەوە دەڕوانێتە جیهانی دەوروبەری.
هەرەوەها هەستی خۆی دەربڕی وتی "حەزدەکەم ئەم ژیانە ڕێکبکەمەوە لەبەر ئەوەی زۆر بەسەر یەکدا تێکشکاوە. هەروەها مرۆڤەکان دەبێت زیاتر بچنە ناو سروشت و لە سروشت نزیک ببنەوە. پێمخۆشە کە گەورەکان زیاتر لە هەستی ئێمە تێبگەن، کە چیمان ئەوێت و چیمان ناوێت".
خەونی ئەوەیە رۆژێک لە ڕۆژان ببێت بە پزیشک، تابتوانێت چارەسەری نەخۆشەکان بکات بۆ ئەوەی تەندروستبن و باشتر بژین.
بانو ئازاد عەبدولڕەحمان، لێپرسراوی پڕۆژەی گرتنەخۆی منداڵپارێزی کوردستان وتی" لەکاتێکدا ئەم فریشتەیە دەبینین گەورە دەبێت و چاوەکانی دەدرەوشێنەوە، کاریگەری قوڵی بەخشندەیی و کاری بەکۆمەڵمان بیردەهێنێتەوە". هەروەها وتیشی" بەیەکەوە، دەتوانین تۆی هیوا بچێنین و تۆش دەتوانیت منداڵێک سپۆنسەر بکەیت و ژیانێک بگۆڕیت".
پڕۆژەی گرتنەخۆ چ گۆڕانکارییەک دروست دەکات؟
پڕۆژەی گرتنەخۆی بەرنامەی پاراستنی منداڵی سەر بە منداڵپارێزی کوردستان، لە ساڵی ١٩٩١ ەوە بە بەردەوامی خزمەت پێشکەش بە منداڵانی بێسەرپەرشت و کەمدەرامەت دەکات. لە ڕێگەی هاوکاری داراییەوە، بەرنامەکە هاوکاری منداڵان دەکات بۆ ئەوەی بەردەوام بن لە خوێندن و دووربن لە کارکردن و سەربەرزانە بژین. پڕۆژەکە پاڵپشتی دارایی لە سپۆنسەر و کەسانی خێرخواز لە کوردستان و دەرەوەی کوردستان وەردەگرێت. بێجگە لە هاوکاری دارایی، ڕێنمایی دەروونی و پەروەردەیی دابین دەکات بۆ منداڵان.
داواکاری بۆ پشتیوانی و بەشداریکردن
چیرۆکی ئەم کچە شیرینە بەڵگەیە بۆ بەهێزی منداڵان و کاریگەری پشتیوانی کۆمەڵگا. بە سپۆنسەرکردنی منداڵێک دەتوانیت هەلێک ببەخشیتە منداڵانی دیکە، لە پێناو دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆیان. بەیەکەوە دەتوانین داهاتوویەکی باشتر و گەشاوەتریان بۆ فەراهەم بکەین.
بۆ زانیاری زیاتر دەربارەی پڕۆژەی گرتنەخۆی منداڵپارێزی کوردستان، سەردانی ئەم لینکە بکەن
یاخود ڕاستەوخۆ پەیوەندی بکەن بە [email protected]
دڵسۆزی تۆ دەتوانێت گۆڕانکاری گەورە دروست بکات لە ژیانی منداڵێک.
