ڕێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان توێژینەوەیەکی پێشکەش کرد دەربارەی منداڵی ئیشکەر لەیەکەمین کۆنفرانسی زانستی سەبارەت بە دۆزی پاراستنی منداڵ
هەولێر: ڕێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان توێژینەوەیەکی پێشکەش کرد دەربارەی منداڵی ئیشکەر لەیەکەمین کۆنفرانسی زانستی سەبارەت بە دۆزی پاراستنی منداڵ
بە ئامانجی پاراستنی منداڵ ڕێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان لە کۆنفرانسێکی گرنگدا تیشک دەخاتە سەر ئاستەنگەکانی منداڵی ئیشکەر.
٨ تشرینی یەکەم ٢٠٢٤
ڕێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان ڕۆڵێکی سەرەکی هەبووە لە ڕێکخستنی یەکەمین کۆنفرانسی زانستی پاراستنی منداڵ بە هاوبەشی هەریەک لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و ئهنجومهنی باڵای پاراستنی منداڵ و ڕێکخراوی یونسێف و ڕێکخراوی منداڵپارێزی جیهانی ، لەژێر دروشمی ( پاراستنی منداڵ ئهركی ههموومانه). لایەنە پەیوەندیدارەکانی وەک وەزارەتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بریکاری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لە عێراق و پارێزگاری هەولێر و نوێنەرانی زانکۆکان لە هەرێمی کوردستان ئامادەی کۆنفرانسەکە بوون.
کۆنفرانسەکە سەرەتایەکی گرنگ و بنەڕەتییە بۆ چارەسەرکردنی ئەو ئاستەنگانەی کە ڕووبەڕووی مافەکانی منداڵان دەبنەوە لە هەرێمی کوردستان. بە خۆشحاڵیەوە ڕێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان توانی توێژینەوەی خۆی پێشکەش بکات و بەشداربێت لە هەوڵە هاوبەشەکان بۆ پتەوکردنی میکانیزمی پاراستنی منداڵ و دابینکردنی داهاتوویەکی گەش بۆیان.
ڕۆڵی ڕێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان: بەرەنگاربوونەوەی دیاردەی ئیشکردنی منداڵ
گرنگترین ئامانجی ڕێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان بۆ بەشداریکردن و ڕێکخستنی کۆنفرانسەکە پێشکەشکردنی توێژینەوەیەک بوو لە ژێر ناونیشانی (هۆکارە کەلتووری و کۆمەڵایەتییەکانی کارکردنی منداڵان) کە تیایدا هۆکارەکانی ئیشکردنی منداڵ لە بنەڕەتەوە دەخاتە ڕوو. توێژینەوەکە هۆکارە کەلتووری و کۆمەڵایەتییە سەرەکیەکانی خستەڕوو و هەروەها ئاماژەیدا بە پێشنیارەکان و ڕاسپاردەکان بۆ چارەسەرکردنی ئەم بابەتە.
دەرەنجامە سەرەکییەکان بریتی بوون لە:
ئەنجامدانی هەڵسەنگاندنێکی ورد بۆ هۆکارە ناوخۆییەکان بۆ هەبوونی منداڵی ئیشکەر، وەک بەها کەلتووریەکان و فشارە ئابوری و کۆمەڵایەتیەکان. ئاماژەدان بە ڕاسپاردەی کارا بۆ وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، لە ڕێگەی داواکردنی سیاسەتی بەهێزتر بۆ بەرەنگاربوونەوەی کاری منداڵان و پتەوکردنی ڕێوشوێنەکانی پاراستن.
ئەم توێژینەوەیە بە بەرەو پێشچونێکی گەورە هەژمار دەکرێت لە هەوڵە بەردەوامەکان بۆ نەهێشتنی منداڵی ئیشکەر، بە دڵنیابوونەوە لەوەی کە هەموو منداڵێک لە ژینگەیەکی ئارام وتەندروستدا گەورەدەبێت و دەژی.
گفتوگۆی کۆنفرانس: پاراستنی مافەکانی منداڵ
لە کۆنفرانسەکەدا زیاتر لە ٣٠ توێژینەوە پێشکەشکرا کە سەرنجیان خستە سەر پاراستنی منداڵ، کە بابەت گەلێکی دیاری وەک ڕەوشی مافەکانی منداڵ لە هەرێمی کوردستان و دەروندروستی و چوارچێوە یاساییە بەردەستەکان خرانە ڕوو.
لە ڕۆژی دووەمدا، مەودای توێژینەوەکان فراوانتر بوون و ئەو بابەتانە باسکران کە زۆر گرنگن و زۆربەی جار پشتگوێ خراون وەك:
· منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت: جەخت کردنەوە لەسەر گرنگی بەردەستبوونی خزمەتگوزارییەکان و پشتگیری کردنی ئەم بەشەی کۆمەڵگا.
· توندوتیژی و خراپ بەکارهێنانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان: پێشنیارکردنی ڕێکاری نوێ بۆ پاراستنی منداڵان لە توندوتیژی جەستەیی یاخود خراپ مامەڵەکردن لە ڕێگەی ئینتەرنێت و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان.
ڕێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان باس لە گرنگی ئەم بابەتانە دەکات و پابەندە بە داکۆکیکردنی لە مافەکانی منداڵان و پاراستنیان، بێ گوێدانە جیاوازییەکان یاخود بارودۆخیان.
هەموو منداڵێک شایەنی ئەوەیە گرنگی پێبدرێت و بپارێزرێت و هەلی بۆ بڕەخسێنرێت بۆ ئەوەی گەشە بکات و سەربکەوێت.
بانگەوازێک بۆ کردار
ڕێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان بێوچان هەوڵدەدات بۆ پاراستنی منداڵان لە هەرێمی کوردستان و عێراق.
ئەم باسانەی کە لەم کۆنفرانسەدا خستمانە ڕوو، وە هەموو لێکۆڵینەوەکانمان دەربارەی منداڵی ئیشکەر بنەمان بۆ بنیادنانی یاساکانی داهاتوو و بەهێزکردنی چوارچێوەی پاراستنی منداڵ.
ئیشپێکردنی منداڵان، یەکێکە لە کێشە هەرە گەورە کۆمەڵایەتییەکانی ئەم سەردەمە، کە لێکەوتەی کۆمەڵایەتی و دەروونی و جەستەیی درێژ خایەنی هەیە بۆ ئەو منداڵانەی لە جەرگەی ئەم کارەساتەدان.
ناسک ئیسماعیل، بەڕێوبەری بەرنامەی پاراستنی منداڵ لە ڕێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان، دەڵێت: “ ئامانجی توێژینەوەکەمان نیشاندانی هەموو ئەو هۆکارە کەلتوری و کۆمەڵایەتییانەیە کە دەبنە هۆکار بۆ کارکردنی منداڵان و چۆنیەتی پەرەدان بە ستراتیژییە کاراکان بۆ کەمکردنەوەی دیاردەکە. ئەنجامەکانی توێژینەوەکە دەریدەخات کە خراپی بارودۆخی ئابووری و ئیستغلالکردن و لاوازی جێبەجێکردنی ڕێساکانی دژی کارکردنی منداڵ هۆکارە سەرەکییەکانی سەرهەڵدانی ئەم پرسەن”.
لە ڕێگەی ئەنجامدانی گفتوگۆی کۆمەڵەی چڕ (FGD)ەوە لەگەڵ شارەزایان و ئەو لایەنانەی ڕاستەوخۆ بەرکەوتنیان هەیە لەگەڵ ئەم بابەتە، لێکۆڵینەوەکان دەریانخست کەمی هۆشیاری خێزانەکان سەبارەت بە لێکەوتە مەترسیدارەکانی کارکردنی منداڵ هۆکارێکی گەورەی کەلتوری و کۆمەڵایەتییە بۆ سەرهەڵدانی ئەم کێشەیە.
دەربارەی ڕێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان
ڕێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان لە پێناوقازانجدا کارناکات، ڕێکخراوێکی سیاسی و حکومی و ئاینی نیە، بەبێ ڕەچاوکردنی نەژاد، ڕەگەز، پابەندییە ئاینی و سیاسیەکان یارمەتی پێشکەش بە منداڵان دەکات .
لە ئێستادا لە چوارچێوەی ٤ بەرنامەی سەرەکیدا کاردەکات ئەوانیش، پاراستنی منداڵ، تەندروستی، پەروەردە و پەرەپێدانی تواناکانی گەنجان و هەروەها فرياگوزاری له كاتی کارەسات.
ئامانجی سەرەکیمان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ مسۆگەرکردنی داهاتوویەکی باشترە لەڕێگەی چاککردن و دابینکردنی پێداویستی جۆراوجۆری ماددی، تەندروستی، کۆمەڵاییەتی، ئابوری، و پەروەردەی .
ئەم ڕێکخراوە لە ساڵی ١٩٩١ لەلایەن بەڕێز هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و خانمی یەکەمی ئێستای عێراق خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد دامەزراوە.
بۆ زانیاری زیاتر، تکایە پەیوەندی بکە: [email protected]
سۆشیال میدیا پلاتفۆرمەکان:
https://www.facebook.com/kurdistansavethechildren
https://www.instagram.com/kurdistansavethechildren/
https://www.linkedin.com/in/kurdistan-save-the-children/
https://www.youtube.com/@KurdistanSavetheChildren