سلێمانی: منداڵپارێزی کوردستان وێبینارێک ئەنجامدەدات بۆ بوژاندنەوەی کەرتی پەروەردە و فێرکردن بۆ منداڵانی عێراقی لە قەیرانەکاندا
سلێمانی: منداڵپارێزی کوردستان وێبینارێک ئەنجامدەدات بۆ بوژاندنەوەی کەرتی پەروەردە و فێرکردن بۆ منداڵانی عێراقی لە قەیرانەکاندا
پسپۆڕان تیشک دەخەنە سەر گرنگی باشترکردنی ژێرخانی خوێندنگاکان بە زوترین کات و ڕەخساندنی هەلی خوێندن بۆ منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت
منداڵپارێزی کوردستان – بەیاننامەی ڕۆژنامەوانی
٤ شوبات ٢٠٢٥
سلێمانی، عێراق – منداڵپارێزی کوردستان وێبینارێکی ڕێکخست بە ناونیشانی "پەروەردە و فێرکردن لە قەیرانەکاندا: بنیاتنانەوەی هەل بۆ منداڵانی عێراقی" کە تیایدا کەسانی پەیوەندیدار لە بواری پەروەردەدا بەشدار بوون و سەرنجیان خستە سەر ئەو کێشانەی لە ئێستادا ڕووبەڕووی کەرتی پەروەردە دەبێتەوە لە عێراق.
وێبینارەکە بە سەرپەرشتی د.زانا عەزیز مەحمود مامۆستا لە زانکۆی سلێمانی پێشکەشکرا. بەشداربووانی پانێڵەکە پێکهاتبوون لە بەڕێزان عەمار ڕافع سەلمان یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی پەروەردەی عێراق، عومەر وەهاب پسپۆڕی پەروەردە لە ڕێکخراویUNICEF لە عێراق، طاهر ئەلکاکی یاریدەدەری بەڕێوبەری پڕۆژە لە ڕێکخراوی UNESCO لە عێراق، جەیلان صباح بەڕێوبەری بەرنامەی پەروەردە لە رێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان (KSC).
ئەو کێشانەی لە دوای جەنگ ڕووبەڕووی کەرتی پەروەردە و فێکردن بوەتەوە لە عێراق
بەشداربووانی پانێڵەکە تیشکیان خستەسەر کاریگەرییەکانی جەنگ، بە تایبەت ئەو قەیرانانەی لە دوای جەنگ لەگەڵ داعشدا هاتە کایەوە و زیانێکی زۆریان گەیاند بە سیستەمی پەروەردە لە عێراق. عەمار ڕافع سەلمان ئەوەی خستەڕوو کە قەیرانەکە کاریگەرییەکی خراپی هەبووە لەسەر منداڵان و گەنجان بە تایبەت کچان و هەروەها بوونەتە هۆی وەستانی پڕۆسەی خوێندن بۆ ماوەیەکی درێژ. ئاماژەی بەوەشدا یەکێک لە گەورەترین ئاستەنگەکان کەمی خوێندنگایە، کە بووەتە هۆکاری قەرەباڵغی و دوو دەوامی و سێ دەوامی و کەمبوونەوەی ماوەی وانەکان، هەروەها نەبوونی شوێنی پێویست بۆ خوێندکاران لە زۆرێک لە خوێندنگاکان.
هەروەها ئاماژەی دا بە گرنگی دووبارە گەڕانەوەی خوێندکاران بۆ خویندنگاکان، لە دوای دابڕانیان بۆ ماوەیەکی کاتی و پەرەدان بە یاساکانی فێربوون کە هەمیشەیین، بە تایبەت بۆ ئاوارەکان و منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت.
هەروەها عەمار ڕافع ئاماژەی دا بە گرنگی چاکسازی کردن لە سیستەمی پەروەردەیی عێراق لەپێناو گونجاندن لەگەڵ سیستەمە جیهانییەکان.
هەنگاوێکی گەورەی بەرەوپێشچوون بریتییە لە پەسەندکردنی شێوازی نوێی تاقیکردنەوەکان بە شێوەیەک کە بگونجێت لەگەڵ پێداویستییە پەروەردەییەکانی ئێستادا، بە پێی ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوام (SDG) و چوارچێوەی مەراکش. هەروەها وتیشی" ڕاپۆرتەکانی UIL کە پێشکەش کراوە بە ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە ئەو هەوڵانەی بۆ نەهێشتی نەخوێندەوارییە بە تەواوی، تیشک دەخاتە سەر ئەم بابەتانە و داوای بە هاناوەچوونی داواکارییەکان و چارەسەرکردنی کێشەکان دەکات بۆ دابینکردنی پەروەردەیەکی گونجاو بۆ هەمووان."
ئەو سەختییانەی منداڵانی ئاوارە ڕووبەڕووی دەبنەوە
عومەر وەهاب باسی بارودۆخی ئاوارە ناوخۆییەکانی کرد لە عێراق، ئاماژەی بەوەدا کە زیاتر لە ١ ملیۆن ئاوارەی ناوخۆ لە ئێستادا ماون، ٦٥٠٠٠٠ شەش سەد و پەنجا هەزار ئاوارەی ناوخۆ لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن. سەرەڕای ئەوەی ٣٧٠ خوێندنگای ئاوارە سەر بە وەزارەتی پەروەردەن. ئاماژەی بەوەشدا لە ئێستادا پێویستیان بە هاوکاری زیاترە بۆ ئەوەی دڵنیا ببنەوە لە دابینکردنی سیستەمی پەروەردەیی بە کوالێتییەکی باش بۆ منداڵانی ئاوارە.
عومەر وەهاب وتیشی "لە ئێستادا ٪٤٥ خوێندنگای ئاوارەکان بە شێوازێکی کاتی دروستکراون لە سەرەتای قەیرانەکاندا لە ساڵی ٢٠١٤". سەرەڕای ئەوەی ڕێکخراوە ناحکومییەکان ساڵانە بڕێک لە هاوکارییەکان تەرخان دەکەن بۆ نۆژەنکردنەوەی خوێندنگاکان، هێشتا پێویستیان بە چارەسەری درێژخایەن و بەردەوام هەیە.
هێشتا زیاتر لە ١٥٨٠٠٠ سەد و پەنجا و هەشت هەزار منداڵی ئاوارە ناوخۆییەکان پێویستیان بە هاوکارییە، عومەر وەهاب ئاماژەشی بەوەدا پێویستیان بە هاوکاری زیاترە بۆ دابینکردنی پەروەردەیەکی گونجاو بۆ کۆمەڵگەی ئاوارەکان.
بنیاتنانی خوێندنگایەک کە هەلی یەکسان بڕەخسێنێت بۆ هەمووان
جەیلان صباح تیشکی خستە سەر گرنگی بەردەستبوونی هەلی خوێندن بۆ هەمووان، جەختیشی کردەوە لە گرنگی ڕەچاوکردنی پێداویستییەکانی منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت لە کاتی نەخشەکێشانی باڵەخانەی خوێندنگاکان.
هەروەها وتیشی "ئێمە لە ئێستادا بەشێوەیەکی باش دوورکەوتووینەتەوە لە دورخستنەوە و جیاکردنەوەی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت، خۆشخاڵم کە دەبینم لە ئێستادا تا ڕادەیەکی باش جیاکاری ناکرێت لە ناویاندا". هەرچەندە ئەوەشی خستەڕوو کە زۆرێک لە خوێندنگاکان بە بێ ڕەچاوکردنی باردۆخی منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت دروستکراون، بۆ نمونە بەرزکەرەوەی کارەبایی و ڕێڕەوی تایبەت بە کورسی خاوەن پێداویستی تایبەت و ژوری سەرچاوەی شیاوی تێدا نییە بۆ منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت. تیشکی خستە سەر ئەوەی دەبێت هەموو ژورێکی سەرچاوە ڕێرەوی تایبەت بە عەرەبانە و دەرگای گەورە و زەوی دژە خلیسکان و ڕوناکی گونجاوی هەبێت، دەنگ و ژاوەژاو کەمبکرێتەوە بۆ پەرەدان بە هەستەوەرەکانیان.
جەیلان دان بەوەشدا دەنێت کە وێڕای ئەوەی باشترکردنی ژێرخانی پەروەردە تێچوویەکی زۆری دەوێت، گەشبینە بەوەی کە کەرتی پەروەردە توانیویەتی لە ماوەیەکی کەمدا تا ئاستێکی باش پێشبکەوێت.
ئاستەنگەکان لە جێبەجێکردنی یاسا و ڕێساکانی پەروەردە
هەروەها جەیلان ئاماژەی بە بۆشایی نێوان یاسا و ڕێساکان و جێبەجێکردنیان کرد کاتێک باس لە پەروەردەی گشتگیر دەکرێت. بۆ نمونە لە عێراقدا بە پێی یاسا منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت مافی خوێندنیان هەیە لە خوێندنگاکاندا، بەڵام دەبینین هێشتا بەشێکی زۆر لە منداڵان بەهۆی بڕیارە تاکەکەسییەکانی بەڕێوەبەرەکان وەرناگیرێن لە خوێندنگاکاندا.
وەک نمونەیەک باسی حاڵەتێکی کرد کە لەم دواییانەدا مامەڵەیان لەگەڵدا کردووە، ئەویش منداڵێک بووە کە بەهەڵە دەستنیشانکراوە بە فرەجوڵەیی. بەڵام دوای پشکنینێک کە لەلایەن سەنتەری ڕاهێنانی منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەتی سەر بە ڕێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان بۆی ئەنجامدرا، دەرکەوت منداڵەکە بەهیچ شێوەیەک فرەجوڵەیی نییە و دواتر لە خوێندنگا ناوی تۆمارکرا.
ئاماژەی بەوەشکرد، "تەنانەت ئەگەر دەستنیشانکردنەکە دروست بووایە، بە پێی یاساکە منداڵانی تووشبوو بە فرەجوڵەیی دەبێت ناویان تۆماربکرێت لە خوێندنگاکاندا"، جەختی لەوەش کردەوە کە هۆشیاری و ڕاهێنان پێویستە بۆ مامۆستایان و پیشەییەکانی پزیشکی بۆ ڕێگریکردن لەم جۆرە حاڵەتانە.
گرنگی داتا بۆ چاکسازی کردن لە پەروەردەدا
طاهر ئەلکاکی یاریدەدەری بەڕێوبەری پڕۆژە لە ڕێکخراوی UNESCO لە عێراق، جەختی کردەوە لەسەر گرنگی داتا بۆ بنایتنانەوەی سیستەمی پەروەردەیی لە عێراق.
وتی" خاڵێکی گرنگ هەیە دەمەوێت ئاماژەی پێبدەم، ئەویش ئەو کێشانەیە کە ڕووبەڕوویان دەبینەوە لە کەرتی پەروەردە بە گشتی و بواری پەروەردەی تایبەت، بە تایبەت ئەو داتایەی ئێمە لەبەردەستمانە دەربارەی پەروەردە و بابەتە پەیوەندیدارەکانی"
ناوبراو بە وردی باسی لە گرنگی داتای دروست کرد و ڕوونیشی کردەوە کە زۆربەی ئامارەکان لە ئێستادا لە عێراق لەسەر بنەمای خەمڵاندنەکانن.
هەروەها تاهیر ئاماژەی بەوەشکرد “لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانمان دوای قۆناغی یەکەمی پڕۆژەکەمان ئێمە بەردەوامین لە هاوکاریکردنی وەزارەتی پەروەردە لە عێراق و هەرێمی کوردستانیش. یەکێک لە کارەکانی ئەم پڕۆژەیە دامەزراندنی سیستەمی زانیاری بەڕێوەبردنی پەروەردەیە (EMIS)، کە داتایەکی ڕوونمان دەخاتە بەردەست لەسەر هەموو بابەتێک کە پەیوەندی بە سیستەمی پەروەردەییەوە هەیە لە عێراقدا”
لە کۆتاییدا وتی "هەبوونی داتای ورد گرنگە بۆ ئەم بابەتانە و بەشێوەیەکی بەرچاو جۆریەتی بەرنامە پەروەردەییە گشتییەکان بەرەوپێش دەبات."
داواکاری بۆ پشتیوانی و بەشداریکردن
بەشداربووانی پانێڵەکە بە درێژایی وێبینارەکە کۆک بوون لەسەر ئەوەی کە چارەسەرکردنی ئەم ئاڵەنگارییانە پێویستی بە هەوڵی هاوبەشی نێوان ڕێکخراوە ناحکومییەکان و دامەزراوە حکومییەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان هەیە.
جەیلان صباح ڕایگەیاند "هێشتا ڕێگایەکی دوور و درێژمان لەپێشە، بەڵام بە هاوکاری ڕێکخراوە ناحکومییەکان و حکومەت وکۆمەڵگەی پزیشکی و ڕێکخراوە چالاکەکانی دیکە باوەڕم وایە دەتوانین زیاتر پشتیوانی منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت بین".
منداڵپارێزی کوردستان هەمیشە پابەندە بە داکۆکیکردن و جێبەجێکردنی ئەو بەرنامانەی کە هاوکاری منداڵان دەکەن بۆ پێڕاگەیشتن بە پەروەردەیەکی باش.
بۆ زانیاری زیاتر دەربارەی بەرنامەی پەروەردەی سەر بەڕێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان تکایە پەیوەندیمان پێوە بکەن:
دەربارەی ڕێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان
ڕێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان لە پێناوقازانجدا کارناکات، ڕێکخراوێکی سیاسی و حکومی و ئاینی نیە، بەبێ ڕەچاوکردنی نەژاد، ڕەگەز، پابەندییە ئاینی و سیاسیەکان یارمەتی پێشکەش بە منداڵان دەکات .
لە ئێستادا لە چوارچێوەی ٤ بەرنامەی سەرەکیدا کاردەکات ئەوانیش، پاراستنی منداڵ، تەندروستی، پەروەردە و پەرەپێدانی تواناکانی گەنجان و هەروەها فرياگوزاری له كاتی کارەسات.
ئامانجی سەرەکیمان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ مسۆگەرکردنی داهاتوویەکی باشترە لەڕێگەی چاککردن و دابینکردنی پێداویستی جۆراوجۆری ماددی، تەندروستی، کۆمەڵایەتی، ئابوری، و پەروەردەیی.
ئەم ڕێکخراوە لە ساڵی ١٩٩١ لەلایەن بەڕێز هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و خانمی یەکەمی ئێستای عێراق خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد دامەزراوە.
بۆ زانیاری زیاتر، تکایە پەیوەندی بکە:
سۆشیاڵ میدیا پلاتفۆرمەکان:
https://www.facebook.com/kurdistansavethechildren
https://www.instagram.com/kurdistansavethechildren/
https://www.linkedin.com/in/kurdistan-save-the-children/