دامەزراندنی پڕۆژەی سیستمی چاودێری و پاراستن بۆ منداڵانی ئیشکەر لە شاری دهۆک
بە ئامانجی بەهێزکردنی ئاستی چاودێری پاراستن بۆ ئەو منداڵانەی کە ئیستغلال دەکرێن بۆ کارکردن، لە خوار تەمەنی یاسایی کارکردنەوەو ئەو منداڵانەی کە لە شوێنکارو کارگەو شوێنە مەترسیدارەکاندا کاری قورس و مەترسیدار دەکەن، منداڵپارێزی کوردستان بە هاوبەشی لەگەل ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتی و بەشداری دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی حکومەت ئەم پڕۆژەیە جێبەجێ دەکات بۆ ماوەی یەک ساڵ لە مانگی ٣ / ٢٠٢١ ەوە پرۆژەکە چۆتە بواری جێبەجێکردنەوەو تا مانگی ٣ / ٢٠٢٢ بەردەوامە.




لیژنەکە پێکدێت لە شەش پۆلیسی نەوجەوانان و دوو پشکنەری بەڕێوەبەرایەتی کارو سێ توێژەری کۆمەڵایەتی و سەرۆک تیمێک، ڕاستەوخۆ ئەم لیژنەیە لەلایەن منداڵپارێزی کوردستانەوە چاودێری و سەرپەرشتی چالاکییەکانی دەکرێت بە هەماهەنگی لیژنەی پارستنی منداڵ لەناو شاری دهۆک دا، لیژنەکە لە ڕۆژو شەودا سەردانی و چاودێری بازاڕو شەقامەکان دەکات بە مەبەستی چاودێریکردن و پاراستن و دەستنیشانکردن و ڕەوانەکردنی ئەو منداڵانەی لە دەرەوەی چوارچێوەی یاساو ڕێنماییە کارپێکراوەکان ئیستغلال دەکرێن بۆ کارکردن لە لایەن خاوەنکارو خێزانەکانیانەوە.



لە چوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا بە هەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتیەکانی چاودێری کۆمەڵایەتی لە شاری زاخۆو ئاکرێ دوو مۆبایل تیم کە هەریەکەیان لە دوو کارمەندی کۆمەڵایەتی پێکدێت سەردانی بازاڕو شوێنە گشتییەکان دەکەن، بە مەبەستی دەستنیشانکردن و بەڕێوەبردنی کەیس ڕەوانە کردنیان بۆ هەردوو سەنتەری زێوەو ئاکرێ کە دوو سەنتەری تایبەتن بە پاراستنی منداڵ و سەر بە (بەڕێوەبەرایەتیەکانی چاودێری کۆمەڵایەتی دهۆک و ئاکرێ)ن.



