ڕێكخراوی منداڵپارێزی کوردستان له پێناوی قازانجدا كار ناكات، ڕێكخراوێكی سیاسی و حكومی و ئاینی نییه، به‌بێ ڕه‌چاوكردنی نه‌ژاد، ڕه‌گه‌ز، پابه‌ندییه ئاینی و سیاسییه‌كان یارمه‌تی پێشكه‌ش دەکات
پاراستن و ته‌ندروستی و په‌روه‌رده بۆ هه‌موو منداڵێك
١- پاراستن و ھاوکاری له پاراستنی مافی منداڵ به‌بێ ڕه‌چاوکردنی نه‌ژاد، ره‌گه‌ز یان پابه‌ندییه ئاینی و سیاسیه‌کان
٢- دابینکردن و پێشکه‌شکردنی ھاوکاری و خزمه‌تگوزاری پێویست بۆ گشت که‌سێک به تایبه‌تی منداڵ و گه‌نجان که له کوردستان و عێراق نیشته‌جێن و له بارودۆخێکی ناھهمواردان و پێویستیان به ھاوکاری ھه‌یه
٣- ھاوکاریکردن له پێشخستن و باشترکردنی لایه‌نی په‌روه‌رده‌یی ئه‌و که‌سانه‌ی که له بارودۆخێکی ناھهمواردان به مه‌به‌ستی به‌ره‌وپێشچوونی ژیانیان
٤- پارێزگاریکردن و پاراستنی ته‌ندروستی ده‌رونی و جه‌سته‌یی ئه‌و که‌سانه‌ی له بارودۆخێکی ناھهمواردان
٥- پیشخستنی ژیانی ئه‌و که‌سانه‌ی له بارودۆخێکی ناھهمواردان ھاوته‌ریب له‌گه‌ڵ یاسا و ڕێککه‌وتننامه و په‌یماننامه ناوخۆیی نێودەوڵه‌تییه‌كان
ڕێكخراوی منداڵپارێزی کوردستان
ڕێكخراوێكی سەربەخۆی ناحكومیی تایبەت بە منداڵانە. لە ساڵی ١٩٩١ دا دامه‌زراوه، له پێناوی قازانجدا كار ناكات و ڕێكخراوێكی سیاسی و حكومی و ئاینی نیه، به‌بێ ڕه‌چاو كردنی نه‌ژاد، ڕه‌گه‌ز، پابه‌ندییه ئایینی و سیاسییه‌كان یارمه‌تی پێشكه‌ش ده‌كات.
بۆ پارێزگاریکردن و پاراستنی ته‌ندروستی جه‌سته‌یی و”
“ده‌رونی بۆ هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌و خێزانه‌کانیان
”بۆ هاوکاریکردنیان له په‌ره‌پێدانی بواری خوێندن و ڕاهێنانی ئه‌و که‌سانه‌و خێزانه‌کانیان له پێناوی ژیان و گوزه‌رانێکی باشتر‌و هاوکاریکردنیان بۆ دووباره گونجاندنهوهیان له کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی نوێ‌دا”
هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د
بیرم نایه‌ت له چ قۆناغیکى خویندن‌دا بووم ، به‌ڵام ئه‌مشه‌و ناوێک زۆر به قورساییه‌وه هاته ناو مێشکمه‌وه بۆیه ئه‌بێت ناوى ئه‌و کچه زوهره بووبێت. زوهره یه‌که‌مى پۆله‌که‌مان بوو، و له‌پڕ دیار نه‌ما. دواتر زانیم که ئه‌و کچه خوێندکاره له‌به‌ر دهستکورتیى خێزانه‌که‌ى وازى له خوێندن هێناوه.
ئه‌و ڕووداوه زۆر زۆر منى ئازاردا، واملێهات به‌خه‌یاڵ خوێندنم ته‌واو ئه‌کرد و خوێندنگهیهکم له‌سه‌ر دیجله ئه‌کرده‌وه بۆ خوێندکارانى وه‌ک زوهره و خۆمم بۆ زوهرهکان ته‌رخان ئه‌کرد.
ژیان ئاڵۆز بوو و سهختیهکانیم به ڕوونتر بینى، کێشه‌کان وا زیاد بوون که ئیتر خۆمم نه‌دۆزیه‌وه تا دواى ئه‌نفاله‌کان. له‌و کاته سه‌خته پڕ ئێش و ئازاره‌دا به‌تایبه‌ت بۆ من، که به رێکه‌وت دوور بووم له کوردستان، ئازارێکى زۆر زۆر لهبیرنهچووهوهیه بۆم. له‌وانه‌یه گه‌ر له کوردستان بوومایه و له‌ناو گێژاوه‌که‌دا بوومایه کاریگه‌رییه‌که‌ى که‌متر بوایه له سه‌رم، به‌ڵام به داخه‌وه دوور بووم، و بارى ده‌روونیم خراپ و خراپتر بوو.
(کورده) ى خوشکیشم هه‌م له‌به‌ر ڕووداوه‌کانى کوردستان هه‌م له‌سه‌ر کێشه‌یه‌کى تایبه‌تى خۆى حاڵى زۆر خراپ بوو، له‌سه‌ر حاڵى خۆمه‌وه دڵم به‌و سووتا و چووم بۆ لاى بۆ ئه‌وه‌ى بزانم چییه‌تى. که چووم بۆلاى ، وێنه‌ى منداڵێکى حه‌وت هه‌شت ساڵانه‌ى ئه‌فریقایى به‌رامبه‌ر خۆى دانابوو و ئه‌گریا. وتم چیته بۆ وا ئه‌گریت؟ چیرۆکى پرۆژه‌ى منداڵپارێزیى بریتانیاى بۆ گێڕامه‌وه و چۆن ئه‌وان یارمه‌تى منداڵانى ئه‌فریکا ئه‌ده‌ن و چۆن ئه‌میش یارمه‌تى ئه‌و منداڵه‌ى داوه، ئێستا منداڵه‌که له ئه‌فریکا ئه‌مرى خواى کردووه.
که‌وتمه دواى ئیشوکارى ئه‌و جۆره ڕێکخراوه مرۆییانه. زۆرى پێنه‌چوو مام داواى لێکردم که بێمه‌وه بۆ سه‌ر سنوور بۆ قاسمه ڕه‌ش. گه‌ڕامه‌وه قاسمه ڕه‌ش بێئیش و بێکار لهڕهسم گرتنى زۆر به‌ده‌گمه‌ن زیاتر هیچى تر نه‌بوو بیکه‌م.
له سه‌ردانێکمدا بۆ ئۆردوگایه‌ک دیمه‌نێکى سه‌یرم دى، پیاوه‌کان پۆشته به قاپوت و قه‌مسه‌ڵه‌وه و منداڵه‌کان به جلى زۆر ته‌نکه‌وه. ئه‌وسا کاک (على ئیحسان) ڕێکخراوى (کراى) دروستکردبوو. که ئه‌و دیمه‌نه‌م دى زۆرم خه‌فه‌ت خوارد‌و له‌یه‌کێک له پیاوه‌کانم پرسى ئایا هیچ ڕێکخراوێک هاوکارى نه‌کردوون بۆ جل و به‌رگ بۆ منداڵان، پیاوه‌که وتى با، به‌ڵام ئێمه قهمسهڵهى منداڵه‌کانمان فرۆشت چونکه پێویستمان به پاره‌که‌ى بوو، پێشى وتم گوێمهدهرىَ منداڵان ڕائه‌که‌ن و یارى ئه‌که‌ن سه‌رمایان نابێت.بیرۆکه‌ى منداڵپارێزیى ئا له‌م گفتوگۆیه‌وه له‌لام گه‌ڵاڵه بوو.
هه‌وڵێکى زۆرمدا بناغه‌ى منداڵپارێزییهکى کوردستانیى دابنێم به‌ڵام به داخه‌وه سه‌رکه‌وتوو نه‌بووم. ئه‌مویست کوردستانى بێت چونکه لاى من یه‌کێک له گه‌وره‌ترین گوناهه‌کان به سیاسیى کردنى منداڵه. منداڵێک که له منداڵییه‌وه وه‌ک ڕۆبۆت په‌روه‌رده بکرىَ قه‌ت که‌ڵکى بۆ خۆى و میلله‌ته‌که‌ى و سه‌رکرده سیاسییه‌کانى نابێت، به‌ڵام سوپاس بۆ خوا توانیمان دواى دروستبوونى منداڵپارێزیى له‌سه‌ر هه‌مان ڕه‌وت بڕۆین و ئه‌و منداڵانه‌ى منداڵپارێزیى سه‌رپه‌رشتییان ئه‌کات یان له یه‌کێک له پرۆژه‌کانى منداڵپارێزیی سودمه‌ندن به دوور بگرین له سیاسه‌ت. لهگهورهبوونیاندا چ جۆره بیرکردنه‌وه‌یه‌ک هه‌ڵبژێرن مه‌علوم به دڵ هه‌ڵیئه‌بژێرن و ئه‌بن به خاوه‌نى ڕا و بۆچوونى خۆیان.
گێژاوه قورسه‌کان ده‌ستیان پێ‌کرد و له‌سه‌رکه‌وتن و ژێرکهوتنهکانى ڕاپه‌ڕیندا پرۆژهکهمم له‌بیر چووه‌وه. سه‌ره‌نجام له قه‌ڵاچوالان گیرساینه‌وه. ئه‌وسا سلێمانى به ده‌ست سه‌دامه‌وه بوو. ڕووناکه ڕه‌شى هاوڕێى شامم هاتبوو بۆلام. ئه‌وسا ماڵمان له کۆنه بیناکه‌ى جه‌یشى شه‌عبیدا بوو. نازانم چۆن قسه هاته سه‌ر پرۆژه من باسى پرۆژه کۆنه‌که‌مم بۆ کرد، ئه‌و وتى بۆ ئێستا ده‌ستى پێناکه‌یت ، وتم نازانم ڕێکخراو یان مونه‌زه‌مه چۆن دروستئه‌کرێت.
ئه‌و وتى زۆر ئاسانه هه‌ر ئێستا ئه‌توانین بیکه‌ین. په‌یڕه‌و وپڕۆگرامێک و ئاڕمێک، و کادر بۆ ئیش‌کردن بدۆزینه‌وه و ده‌ستبه‌کار بین.
په‌یڕه‌و و پڕۆگرامه‌که دواکه‌وت به‌ڵام ئیش‌کردن و ئاڕمهکه هه‌ر زوو جێبهجىَ کرا.
بۆ ئاڕمهکه کاک ئاکۆ (پ.م) بوو له مه‌قه‌ڕى خۆمان و خۆشى هونه‌رمه‌ند بوو به‌وم وت، ئارمێکم بۆ بده به دروستکردن که واتاى پاراستنى منداڵ بگه‌یه‌نێت منداڵێک ده‌ستێک ،شتى له‌و بابه‌ته.
کاک ئاکۆ چوو بۆ سلێمانى و به چه‌ند نمونه‌یه‌که‌وه هاته‌وه، و ئاڕمه کۆنه‌که‌ى منداڵپارێزیمان په‌سه‌ند کرد به‌چه‌ند گۆڕانێکى بچووکه‌وه، ( به‌داخه‌وه تا ئێستا نازانم ئه‌و هونه‌رمه‌نده کێ بوو که ئه‌و ئارمهى دروستکرد).
وه‌ک کادریش دکتۆر کرمانجم بیر که‌وته‌وه که له خوێندنگه‌که‌ى ماوه‌ت ناسیبووم که له‌دواى ڕاپه‌ڕین هه‌ر ژوورى ئه‌و قوتابخانه‌یه مقه‌ڕى به‌شێکى (ى.ن.ک) بوو که ئه‌وسا ئه‌و له خه‌سته‌خانه مه‌یدانییه‌که‌دا لهوىَ ئیشى ئه‌کرد وه‌ک پزیشکێک و کێشه‌ى زۆر قورسى چه‌ند هاووڵاتییهکم بوو به توشه‌وه، ئه‌و زۆر به پیاوانه هاوکارم بوو بۆ چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌ى ئه‌و مرۆڤانه. دواتر دکتۆر کرمانج باقى ستافه‌که‌ى دانا، که بریتیبوون وه‌ک ئه‌وانه‌ى که له بیرمدان (کاک یاسینى په‌پووله که‌تائێستاش سه‌رپه‌رشتیى گۆڤارى په‌پووله ئه‌کات،کاک وریا، کاک سۆرانى کۆمپیوته‌ر، هه‌روه‌ها هه‌ردوو ڕووناکه‌که‌ى منداڵپارێزیى) له‌گه‌ڵ داواى لێبووردن له‌وانه‌ى که ناویانم له بیر نه‌ماوه.
به بیست هه‌زار دینارى که‌ئه‌وسا پێى ئه‌وترا فۆتۆکۆپى و یه‌ک خانوو له خانووه‌کانى قه‌لاچوالان زۆر به فه‌قیرانه ده‌ستمان به ئیش کرد، جلمان له کۆنه ئه‌کڕى و دابه‌شمان ئه‌کرد به‌سه‌ر منداڵاندا، پێداویستییه بچوکه‌کانى خه‌ڵک و منداڵانمان جێبهجىَ ئه‌کرد. بۆ مێژووش کارمه‌نده‌کانى منداڵپارێزیى خۆبه‌خش کاریان ئه‌کرد و تا ئێستاش به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ ئه‌و که‌سانه‌ى له ڕێکخراوه‌کانى تردا کار ئه‌که‌ن ئه‌کرێت بڵێین به نیوه خۆبه‌خش کارئه‌که‌ن.
هه‌ر له کاتى ده‌ست بهکاربوونیشمانهوه شانازى خوشکم له له‌نده‌ن هه‌وڵیدا که‌به ڕه‌سمى مۆڵه‌ت وه‌ربگرین تا بتوانین له ده‌ره‌وه‌ى وڵاتیش هه‌م کاربکه‌ین هه‌م فه‌ند په‌یدا بکه‌ین بۆ ناوه‌وه.
دواى ئازاد بوونى سلێمانیش بیرۆکه‌ى گۆڤارى په‌پووله‌م لا گه‌ڵاڵه بوو ،به هاوکارى چه‌ند نوسه‌رێکى به‌ڕێزى وه‌ک مامۆستا (عومه‌ر عه‌لى ئه‌مین) یه‌که‌م گۆڤارى په‌پووله ئاماده‌کرا بۆ چاپ، زۆر باشم بیره ئه‌و ڕۆژه نه‌ورۆز بوو که به‌ده‌ستى خۆم گۆڤاره ئاماده کراوه‌که‌م برد بۆ یونسێف تا بیبه‌ن له به‌یروت له چاپى بده‌ن و بۆمانى بهێننه‌وه ، به‌ڵام به داخه‌وه له چه‌ند نوسخه‌یه‌کى به قاچاغى به‌ولاوه قه‌ت ئه‌و ژماره‌یه نه‌یتوانى سنور ببه‌زێنێت و بگاته ده‌ست منداڵه ئازیزه‌کانمان .به‌ڵام مرۆڤ بۆ خوا بڵێت یونسێف گۆڤاره‌که‌ى وه‌ک خۆى ده‌قاو ده‌ق چاپ کردبوو.
دواى ئه‌و ژماره‌یه به‌تواناى چاپخانه‌کانى کوردستان که ئه‌وسا ته‌نیا له هه‌ولێر چاپخانه هه‌بوو دووه‌م ژمارهیمان به چاپ گه‌یاند، دواتر له‌به‌ر گرانیى مهسرهفهکهى و که‌م دهرامهتیمان ده‌رچوونى په‌پووله‌مان ڕاگرت.
ڕوناکه ڕه‌ش له سویده‌وه هیمه‌تى بۆ کردین و یارمه‌تى بۆ په‌یدا کردین، خۆمان لێره له‌گه‌ڵ (ئى ی‌و) و یونیسێف و منداڵپارێزیى بریتانیا و هه‌ندێک ڕێکخراوى تردا که‌وتینه یارمه‌تى په‌یداکردن و ئیش‌کردن و له هه‌ولێر و کۆیه وهه‌ڵه‌بجه ودهۆک ئۆفیسمان کرده‌وه، و له ههندىَ شوێنى تریش نوێنه‌رمان دانا.
ئیشه‌کانمان ڕۆژ به ڕۆژ گه‌شه‌یان ئه‌کرد تا ساڵى (1996) که توشى نه‌هامه‌تى و دهربهدهریى بووینه‌وه. دواى گه‌ڕانه‌وه‌مان بۆ سلێمانى چه‌ندین کادرى سه‌ره‌کى و ناسهرهکیمان له‌گه‌ڵ جه‌ماعه‌تى (گوام)دا چوون بۆ ئه‌مه‌ریکا و شه‌و دره‌نگ کلیلى ده‌رگاى منداڵپارێزییان بۆ هێنام. به‌ڵام ڕۆژى دووه‌م ده‌رگه‌ى منداڵپارێزیى کرایه‌وه و ئاهه‌نگ خانى هاوسه‌رى دکتۆر که‌مال خۆشناو و کاک یاسین و کاک وریا ده‌ستیان کرده‌وه به کار و منداڵپارێزیى ژیایه‌وه.
دواتر برازاى به‌ڕێز کاک دانا ده‌ستى کرد به کارکردن و خۆى و کاک کامه‌ران و باقى کادره‌کان به دڵسۆزییه‌وه ده‌ستیانکرد به‌کارکردن و به گه‌شه‌پێدانى کاره‌کانیان و باشتر خزمه‌تکردنى منداڵان و فراوانتر کردنى بواره‌کانى خزمه‌ت.
سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى هه‌ر له سه‌ره‌تاى دروستبوونى منداڵپارێزییهوه کۆسپ و ڕێگرییه‌کى زۆرمان بۆدروستکرا چ له‌ناو کوردستان و چ له ده‌ره‌وه‌ى وڵات ، به‌ڵام چونکه کارمه‌نده‌کانى منداڵپارێزیى خۆشه‌ویستییان هه‌بوو به‌رامبه‌ر به کاره‌که‌یان و زۆر به دڵسۆزییه‌وه خزمه‌تیان ئه‌کرد ، هه‌رگیز ئه‌و کۆسپ و ته‌گه‌رانه نه‌یانتوانى پێش به پێشکه‌وتنى منداڵپارێزیى بگرن.
خۆشه‌ویستی و به‌خشنده‌یی و باوه‌ڕبه‌خۆبوونی کارمه‌ندانی منداڵپارێز و خۆبه‌خشه‌کانه وایانکردووه که به‌رده‌وامبین و هه‌موو ئاسته‌نگه‌کان ببڕین و منداڵپارێز به‌رده‌وام بێت له هاریکاریکردنی ئه‌ومنداڵانه‌ی پێویستیان به یارمه‌تییه له ماوه‌ی 24 ساڵی دامه‌زراندنیدا.