منداڵپارێزی کوردستان لەمانگی هۆشیاری ئۆتیزم، داوا لە لایەنی پەیوەندیدار دەکات داهاتویەکی باشتر و ڕۆشن بۆ منداڵانی ئۆتیزم مسۆگەر بکرێت
منداڵپارێزی کوردستان لەمانگی هۆشیاری ئۆتیزم، داوا لە لایەنی پەیوەندیدار دەکات داهاتویەکی باشتر و ڕۆشن بۆ منداڵانی ئۆتیزم مسۆگەر بکرێت
لە ڕێگای بڵاوکردنەوەی هۆشیاری و ئەنجامدانی پێشانگای هونەری، منداڵپارێزی کوردستان بەهرە و تواناکانیان دەردەخات و داکۆکیدەکات بۆ دابینکردنی مافەکانی منداڵانی ئۆتیزم لە هەرێمی کوردستان.
منداڵپارێزی کوردستان – بەیاننامەی ڕۆژنامەوانی
٣٠ نیسان ٢٠٢٥
سلێمانی – عێراق، لە مانگی هۆشیاری ئۆتیزمدا، منداڵپارێزی کوردستان جەخت دەکاتەوە لەسەر گرنگی پاراستنی مافەکانی منداڵانی ئۆتیزم و بەشداریپێکردنیان و گرنگیپێدانیان لە ناو لە کۆمەڵەگادا. ڕێکخراوەکەمان لەسەرەتای دامەزراندنییەوە خزمەت بە منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت دەکات لە هەرێمی کوردستان و بەردەوامە لە متمانە کردن بە تواناکان و بەهرەی هەموو منداڵێک بێ جیاوازی.
بەرزبونەوەی حاڵەتەکە بە شێوەیەکی بەرچاو لە هەرێمی کوردستان
کەرتی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە بەرزبوونەوەیەکی بەرچاو هەیە لە ژمارەی حاڵەتەکانی منداڵانی ئۆتیزم. بە پێی داتای وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، ٣٦٠٠ حاڵەتی منداڵی ئۆتیزم لە هەرێم تۆمارکراوە جگە لەوەی ٢٥٠٠ حاڵەت لە سەنتەرەکانی کەرتی تایبەتدا تۆمارکراوە. لەدەرەنجامدا کۆی گشتی ٦٠٠٠ منداڵ دەستنیشانکراون بە حاڵەتەکانی ئۆتیزم کە ئەمەش بووەتە نیگەرانی شارەزایانی بواری تەندروستی و مامۆستایان و ڕاهێنەران.
بەرزبوونەوەی ڕێژەی ئۆتیزم بەهۆی چەند هۆکارێکە کە گرێدراوی یەکدین و پەیوەندییان هەیە بەیەکەوە، وەک زیادبونی ڕێژەی دانیشتوان کە ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبونی ژمارەی ئەو منداڵانەی پشکنینیان بۆ دەکرێت و چاودێری دەکرێن. جگە لەوەش کۆمەڵگا هۆشیارترە و بەهۆی هەبوونی کەسانی شارەزا و کەرەستەی پێویست، دەستنیشانکردنی حاڵەتەکە لە ئێستادا ئاسانترە. هەروەها گۆڕانکاری لە شێوازی ژیانکردن وگۆڕانکاری ژینگەش بە هۆکارێکی گەورە دادەنرێن بۆ گۆڕانی گەشەکردنی دەمارەکانی مێشک. پسپۆڕان ئەوە دەخەنە ڕوو کە دەکرێت تێکەڵەیەک لە کاریگەرییە بۆماوەیی و زگماکی و ژینگەییەکان هۆکار بن بۆ دروستبوونی حاڵەتی ئۆتیزم.
منداڵپاریزی کوردستان نیگەرانە سەبارەت بە زیادبوونی ڕێژەی منداڵانی ئۆتیزم و کاردەکات بۆ چارەسەرکردنی نیگەرانییەکان لەڕێگەی دابینکردنی خزمەتگوزارییە پێویستەکان و ئەنجامدانی کاری پێشوەختە بۆ زوو دەستنیشانکردنی حاڵەتەکان و پاڵپشتیکردنی کۆمەڵگا.
تێگەیشتن لە چەمکی ئۆتیزم
ئۆتیزم (ASD) کۆمەڵێک حاڵەتی جۆراوجۆرن، تا ڕادەیەک بە هەبوونی سەختی لە دروستکردنی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی بەردەوام و تێکەڵبون لەگەڵ کەسانی دەوروبەردا دەناسرێنەوە. ئەو کەسانەی حاڵەتی ئۆتیزمیان لەگەڵە زۆرجار حەز بە دوبارەکردنەوەی هەندێک لە ڕەفتار و کارەکانی ڕۆژانە دەکەن، هەستیارییەکی لە ڕادەبەدەریان هەیە و توانایەکی باشیان هەیە لە بوارەکانی بیرکاری و میوزیک و هونەر. بە پێی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، نیشانەکانی ئەم حاڵەتە بەزۆری لە پێش تەمەنی سێ ساڵیدا دەردەکەوێت و لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگۆڕێت و هەردوو ڕەگەز دەگرێتەوە بەڵام لە کوڕاندا زیاترە.
چیرۆکی لالۆ
ڕێبین خواڕەحم باوکی منداڵێکی سوودمەندی سەنتەری ڕاهێنانی پەروەردەیی بۆ منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەتی سەر بە بەرنامەی پەروەردەی منداڵپارێزی کوردستانە، باس لە ئەزموونی خۆی دەکات وەک باوکی منداڵێکی هەڵگری حاڵەتی ئۆتیزم و گوتی :" لالۆ تەمەنی ٣ ساڵ بوو کە زانیمان ئۆتیزمی لەگەڵە، لە ڕووی دەرونییەوە من و دایکی زۆر ڕوخاین نەمان دەزانی چیبکەین، تێکەڵاوی کۆمەڵگا نەدەبووین، چونکە لەوە دەترساین کۆمەڵگا بە چاوێکی ترەوە سەیری بکەن. بەڵام وردە وردە گەشتینە ئەو باوەڕەی کە پێویستە شەرم نەکەین و نەیشارینەوە و تێکەڵاوی کۆمەڵگەی بکەین، ئەو منداڵی ئێمەیە و دەبێت شانازی پێوەبکەین. وردە وردە ڕاهاتین لەگەڵیدا و بەردەوام دەمانبرد بۆ سەنتەری ڕاهێنانی پەروەردەیی بۆ منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەتی سەر بە منداڵپارێزی کوردستان بۆ ئەوەی ڕاهێنان وەربگرێت و بەردەوام خۆشمان لە ماڵەوە ڕاهێنانمان پێدەکرد. ئێستا لالۆ تەمەنی ١٢ ساڵە دەتوانێت بە کوردی و ئینگلیزی بخوێنێتەوە و بنوسێت. زۆر زیرەکە لە بیرکاری و ژمارەکاندا و چواردەوری خۆی دەناسێتەوە و توانای سەرنجدانی باشتربووە. منداڵەکەمان وەک منداڵی ئاساییە تەنها کەمێک ئەرکی زیاترە. لالۆ جگە لەمانەش مەلەوانێکی زۆر باشە و بەردەوام مەلە دەکات، پاسکیلسوارێکی زۆر باشیشە، حەزی لە میوزیک و گۆرانییە بەتایبەت پیانۆ. لالۆ زۆر حەز بە وەرزش دەکات و بەردەوام تەماشای یاریی تۆپی پێ دەکات و زۆربەی یاریزانان و پێشکەشکارە وەرزشییەکان دەناسێت.
خزمەتگوزارییەکانی منداڵپارێزی کوردستان بۆ ئەو منداڵانەی حاڵەتی ئۆتیزمیان لەگەڵە
منداڵپارێزی کوردستان لە گشت لایەکەوە هاوکاری ئەو منداڵانە دەکات کە حاڵەتەکانی ئۆتیزم و داون و فرە جوڵەن، سەرەڕای چارەسەر لە ڕێی سەنتەری ڕاهێنانی پەروەردەیی بۆ منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت، هاوکاری منداڵەکان دەکات بۆ پەرەدان بە توانا کۆمەڵایەتییەکانیان و بەهرەکانیان تا بتوانن بێ جیاوازی لەگەڵ هاوتەمەنەکانیان خولیا و ئاواتەکانیان بهێننە دی.
خزمەتگوزارییەکانی سەنتەری ڕاهێنانی پەروەردەیی تایبەت منداڵانی پێشکەشی دەکات بریتین لە:
· پێشکەشکردنی چارەسەری ڕەفتاری ئەمەش یارمەتی منداڵەکان دەدات بۆ دروستکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و ئەنجامدانی کاری ڕۆژانەیان.
· پێشکەشکردنی چارەسەری ئاخاوتن بۆ پەرەدان بە توانای منداڵەکان بۆ پەیوەندی کردن لەگەڵ کەسانی دەوروبەر.
· ئەنجامدانی بەرنامەی تایبەت بە پاڵپشتی کردنی دایک و باوکان، بۆ هاوکاری کردنیان لە زوو دەستنیشانکردنی حاڵەتەکە لە منداڵەکانیاندا و لە چۆنیەتی کۆنتڕۆڵکردنی فشاردا.
· بەردەوام ئەنجامدانی پشکنین بۆ منداڵەکان و دابینکردنی خزمەتگوزاری بەردەوامی هزری و جەستەیی.
چالاکییەکانی مانگی هۆشیاری ئۆتیزم لە ساڵی ٢٠٢٥
لە مانگی نیساندا منداڵپارێزی کوردستان چەند چالاکییەکی ئەنجامدا لەسەرانسەری ناوچەکە بۆ بەرزکردنەوەی هۆشیاری کۆمەڵگا دەربارەی چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ هەڵگرانی ئەم حاڵەتە.
دیارترین و گرنگترین چالاکییەکان بریتین لە:
ئەنجامدانی سیمینار لە شارەکانی سلێمانی، هەڵەبجە، کەلار، ڕانیە، قەڵادزێ، سەیدسادق و دەربەندیخان بۆ هۆشیارکردنەوەی خێزانەکان و کۆمەڵگا دەربارەی ئۆتیزم.
ئەنجامدانی چالاکی لە شوێنە گشتییەکان وەک خوێندنگاکان، مۆڵ، بازاڕەکان، دامودەزگا حکومییەکان و شوێنە گشتییەکان بۆ پێدانی زانیاری و ئاشناکردنی کۆمەڵگا بە ئۆتیزم.
ئەنجامدانی ڕاهێنان بۆ مامۆستایان لە شارەکانی سلێمانی، هەولێر، هەڵەبجە، بازیان و حاجی ئاوا بۆ ئاشنا کردنیان بە ڕێکارە دروستەکان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ منداڵان بەبێ جیاوازی.
ڕێکخستنی پێشانگای هونەری لە سەنتەری ڕاهێنانی پەروەردەیی بۆ منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت، بۆ نمایشکردنی کارە هونەرییەکانی منداڵانی سوودمەندی سەنتەرەکە، تا هەمووان ببینن منداڵانی ئۆتیزم کەسانی خاوەن بەهرە و توانان.
لە ڕێگەی ئەم چالاکی و دەستپێشخەرییە هەمەجۆرانەوە، منداڵپارێزی کوردستان داوا لە خێزانەکان و مامۆستایان و کارمەندانی کەرتی حکومی و گشت کۆمەڵگا دەکات بۆ دابینکردنی ژینگەیەک کە منداڵانی داون سیندرۆم و و ئۆتیزم و فرەجوڵە بتوانن بەشێکبن لە کۆمەڵگا و بوونیان بەرز بنرخێندرێت.
دەربارەی ڕێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان
ڕێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان لە پێناوقازانجدا کارناکات، ڕێکخراوێکی سیاسی و حکومی و ئاینی نیە، بەبێ ڕەچاوکردنی نەژاد، ڕەگەز، پابەندییە ئاینی و سیاسیەکان یارمەتی پێشکەش بە منداڵان دەکات .
لە ئێستادا لە چوارچێوەی ٤ بەرنامەی سەرەکیدا کاردەکات ئەوانیش، پاراستنی منداڵ، تەندروستی، پەروەردە و پەرەپێدانی تواناکانی گەنجان و هەروەها فرياگوزاری له كاتی کارەسات.
ئامانجی سەرەکیمان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ مسۆگەرکردنی داهاتوویەکی باشترە لەڕێگەی چاککردن و دابینکردنی پێداویستی جۆراوجۆری ماددی، تەندروستی، کۆمەڵایەتی، ئابوری، و پەروەردەیی.
ئەم ڕێکخراوە لە ساڵی ١٩٩١ لەلایەن بەڕێز هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و خانمی یەکەمی ئێستای عێراق خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد دامەزراوە.
بۆ زانیاری زیاتر، تکایە پەیوەندی بکە: [email protected]
سۆشیاڵ میدیا پلاتفۆرمەکان:
https://www.facebook.com/kurdistansavethechildren
https://www.instagram.com/kurdistansavethechildren/
https://www.linkedin.com/in/kurdistan-save-the-children/
https://www.youtube.com/@KurdistanSavetheChildren
https://whatsapp.com/channel/0029Vag7rzH2kNFhFEaPXi2P














































\




























دەستکەوتەکانی ٢٠٢٤







هاوکات لەگەڵ دابەشکردنی ئەم هاوکارییە گرنگە، ڕێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان ئەم هەلەی بەکارهێنا بۆ پێشکەشکردنی سیمینارێک بۆ ١٩٣ بەخێوکەر لە ژێر ناونیشانی )چۆنیەتی ئامادەکردنی منداڵ بۆ تاقیکردنەوەکان و پاراستنیان لە پەتای وەرزی(.
سەرۆکی ڕێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان سارا ڕەشید ڕایگەیاند "ئێمە پابەندین بە بەردەوام بوون لە ئەنجامدانی ئەم کارە گرنگە و فراوانکردنی بەردەستبوونی هاوکارییەکانمان بۆ هەموو کۆمەڵگەیەک، دڵنیابوونەوە لەوەی هەرمنداڵێک چارەسەری پێویستی چاوی بۆ ئەنجام دەدرێت."



