هەڵەبجە بە فەرمی وەک ١٩ هەمین پارێزگای عێراق پەسەند کرا
هەڵەبجە بە فەرمی وەک ١٩ هەمین پارێزگای عێراق پەسەند کرا
منداڵپارێزی کوردستان هەوڵەکانی یەکدەخات لە پێناو بەهێزکردنی تواناکانی گەنجان و ئەنجامدانی چاکسازی گرنگ و درێژخایەن لە پارێزگای هەڵەبجە.
منداڵپارێزی کوردستان – بەیاننامەی ڕۆژنامەوانی
٣٠ نیسان ٢٠٢٥
هەڵەبجە، عێراق – منداڵپارێزی کوردستان پیرۆزبایی خۆی ئاڕاستەی دانیشتوانی هەڵەبجە دەکات بە بۆنەی پەسەند کردنی وەک ١٩ هەمین پارێزگای عێراق و چوارەمین پارێزگای هەرێمی کوردستان. ئەم بڕیارە وەک ڕێزلینانێکە بۆ گیانی پاکی شەهیدان و مێژووی قوربانیدانی شارەکە، هەروەها هەنگاوێکە بۆ بەشداری پێکردنی گەنجان و منداڵانی هەڵەبجە و دابینکردنی هەلی نوێ بۆ گەشەسەندن و بەرەوپێشچوونی شارەکە لە هەموو دیدگایەکەوە.
منداڵپارێزی کوردستان لە ساڵی ١٩٩١ لە سەرەتای دامەزراندنیەوە هاوکار و پشتیوانی خەڵکی هەڵەبجە بووە، هەمیشە هەوڵیداوە لە ڕێگەی پڕۆژە و چالاکییەکانی لە بواری تەندروستی و پەروەردە و گەشەپێدانی ئاستی کۆمەڵگا و ئاوەدانکردنەوە هاوکار و پاڵپشتی گەنجان ومنداڵانی شارەکە بێت. لە ئێستادا شارەکە لە ئەزموونێکی نوێدایە، ئێمەش وەک هەمیشە بەردەوامدەبین لە ئەرکی خۆمان بۆ پاڵپشتی کردن و پەرەپێدانی تواناکانی گەنجانی بەهرەمەند کە دەتوانن ڕابەڕ و سەرکردە بن بۆ پێشکەوتنی هەڵەبجە.
ئاراس عابد نوێنەری منداڵپارێزی کوردستان لە هەڵەبجە وتی:" لەماوەی جەنگی ناوخۆ و ململانێ سیاسییەکان لە ناوەڕاستی ساڵی نەوەدەکان زۆرێك لە ڕێكخراوەكان دەكشانەوە و هەندێک جار دەست دەبرا بۆ بردنى كەلوپەلى كۆمپيوتەر و دەستگیرکردنی كارمەندەكانمان بەڵام ئێمە لەڕێگەی بەرنامەیەکی ڕوون و بێ لايەن لە سياسەتى كاركردندا توانیمان بەسەر هەموو ئاڵەنگارییەکاندا سەربكەوین".
هەروەها ئاماژەی بەوەدا: "هەروەها هێرش کرایە سەر ئۆفیسی ڕێکخراوەکەمان لە هەڵەبجە و منیش بریندارکرام، بەڵام هێشتا سوربوین لەسەر مانەوە. لە کاتێکدا کەس ئامادە نەبوو بمێنێتەوە، منداڵپارێزی کوردستان نەڕۆیشت و خەڵکی بەجێنەهێشت. خەڵکی هەڵەبجە ئاگادارن کە ڕێکخراوەکە لە بوارەکانی گەشەپێدانی تواناکانی گەنجان، خزمەتگوزاری تەندروستی، ئاوەدانکردنەوە و پەروەردە کاری کردووە بۆ دابینکردنی باشترین خزمەتگوزارییەکان. لە پێناو گیانی پاک و قوربانیدانی شەهیدانی پارێزگای هەڵەبجە، ئێمە وەک هەمیشە پابەندین بە دابینکردنی خزمەتگوزاری زیاتر لە پێناو بنیاتنانی داهاتوویەکی گەش بۆ نەوەی داهاتوو."
مێژووی خزمەتی ڕێکخراوەکەمان بە هەڵەبجە لە ساڵی ١٩٩١ەوە
لە دەرەنجامی شەڕ و ناکۆکییەکان لە ناوچەکەدا لە ساڵی ١٩٩١، منداڵپارێزی کوردستان یەکەمین ئۆفیسی خۆی لە هەڵەبجە کردەوە بۆ هاوکاریکردنی منداڵانی بێ دایک و باوکی شارەکە. ئامانجمان هەر لەسەرەتاوە دابینکردنی ژینگەیەکی پارێزراو و تەندروستە بۆ هەموو منداڵێک بە بێ جیاوازی و هاوکاریکردنیان بۆ پێڕاگەیشتن بە پەروەردەیەکی گونجاو و شایستە.
لە نێوان ساڵەکانی ١٩٩٦ و ٢٠٠٦ منداڵپارێزی کوردستان هاوکاری خێرای پێشکەش کرد بە ٣٦٠ خێزان. لە دوای پچڕانێکی کەم لە ساڵی ١٩٩٢، دەستمانکردەوە بە خزمەتکردنی شارەکە و هاوکاریکردنیان بۆ تێپەڕاندنی ئەو سەختییانەی پیایدا تێپەڕبوون.
پێشکەشکردنی هاوکاری پزیشکی و تەندروستی
بە درکپێکردن بە کەم و کورتییەکان و ئاڵەنگارییەکان کە ڕوبەڕووی کەرتی تەندروستی دەبۆوە لە ناوچەکەدا، منداڵپارێزی کوردستان بە بەردەوامی هاوکاری پزیشکی پێشکەشدەکرد بە شارەکە کە لە عێراق و وڵاتانی دەرەوە هەناردە دەکران.
گرینگترینیان بریتین لە:
· ئەنجامدانی ١٤٥ نەشتەرگەری هەستیار و ئاڵۆز بۆ منداڵان.
· ئەنجامدانی ٢٢ قەستەرەی چارەسەری.
· دابینکردنی پێداویستی پزیشکی بۆ ٢٢ منداڵ.
· دابینکردنی سپۆنسەر بۆ ئەنجامدانی چارەسەر لە دەرەوەی وڵات.
پەروەردە و گەشەپێدانی تواناکانی گەنجان
ئامانجی هەریەک لە بەرنامەکانی پەروەردە و گەشەپێدانی تواناکانی گەنجان لە منداڵپارێزی کوردستان بە تەنها بڵاوکردنەوەی هۆشیاری و زانست و پەروەردە نییە، بەڵکو لە ڕێگەی چالاکی و پڕۆژە هەمەجۆرەکانیان پاڵپشتی گەنجان دەکەن بۆ پەرەدان بە توانا و بەهرەکانیان.
هەندێک لەو دەستپێشخەریییانەی ئەنجامدراون:
· دامەزراندنی یەکەمین باخچەی منداڵان لە پێناو گرنگیدان بە یەکەمین هەنگاوەکانی فێربوونی منداڵان.
· دامەزراندنی یەکەمین خوێندنگای خوێندنی خێرا، بۆ بەخشینی هەلێکی نوێ بە ئەو گەنجانەی ناتوانن لە خوێندنگاکان بخوێنن.
· دامەزراندنی سەنتەری چالاکی گەنجانی هەڵەبجە لە ساڵی ٢٠٠٨ کە سەنتەرێک بوو خزمەتێکی زۆری پێشکەش کرد بە ٣٧٠٠٠ گەنج لە ناوچەکەدا لە بوارەکانی:
میوزیک، هونەر، زمان، خولی کۆمپیتەر و وەرزش و شانۆ.
گرنگیدان بە دەروندروستی و ئەنجامدانی وۆرکشۆپ بۆ پەرەدان بە توانا کەسییەکان.
کردنەوەی خولی پەروەردەکردنی پەلەوەر و هەنگەوانی و چاودێریکردنی ئاژەڵ.
دابینکردنی تیمی گەڕۆک بۆ ئەنجامدانی چالاکی بۆ گەنجانی گوندنشین.
ئامانج لەم چالاکی و پڕۆژانە بنیادنانی گەنجی بە توانایە بۆ ئەوەی هاوکاربن لە پێشکەوتنی شارەکەیاندا و سوودیان هەبێ بۆ کۆمەڵگاکەیان و هۆکارێک بن بۆ باشترکردنی ژیانی دانیشتوانی هەڵەبجە.
پەرەدان بە بواری کۆمەڵایەتی و کەلتوری
منداڵپارێزی کوردستان بەشداربووە لە زیندوو ڕاگرتنی کەلتوور و ژێرخانی هەڵەبجە.
هەروەک:
· پاڵپشتی کردنی مەڵبەندی ڕۆشنبیری منداڵان پێش ڕادەستکردنی بۆ بەڕێوبەرایەتی کەلتوور.
· نۆژەنکردنەوەی خوێندنگا و نەخۆشخانە.
· بنیاتنانی ٧٥٠ خانوو، کە ٥٠ خانوویان لە شارۆچکەی سیروان بوون.
· دانانی گەورەترین سیستەمی ئاوەڕۆی هەڵەبجە کە درێژییەکەی (١٧٠٠ م) بوو لە پێناو پاراستنی تەندروستی دانیشتوانی شارەکە.
· ڕێکخستنی ٥٧ ۆرکشۆپ دەربارەی بابەتەکانی پاراستنی منداڵ، و گەشەپێدانی تواناکانی گەنجان.
· ئەنجامدانی ڕاهێنان بۆ مامۆستایان و مامۆستایانی ئاینی و توێژەرانی کۆمەڵایەتی لە دامەزراوەکانی پەیوەست بە گەنجان و منداڵان.
٢٠٢٤-٢٠٢٥: سەرنج خستنە سەر پڕۆژەکانی پاراستنی منداڵان و هاوکاریکردنی خێزانەکان
لەم دواییانەدا هەوڵێکی باشمان داوە بۆ پاراستن و هاوکاریکردنی ئەو خێزانانەی کە بە بارودۆخێکی سەختدا تێدەپەڕن.
هاوکارییەکان بریتیبوون لە:
· دابینکردنی خزمەتگوزاری بۆ ٢٢ منداڵی لێقەوماو و هەژار.
· دابینکردنی هاوکاری دارایی بۆ ٧٩ منداڵ.
· ئەنجامدانی وۆرکشۆپ دەربارەی کارامەییەکانی دایک و باوکان و مافەکانی منداڵ.
· ئەنجامدانی سیمینار بۆ هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا دەربارەی بابەتەکانی مافەکانی منداڵ و کاریگەری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.
· پڕۆژەی دروستکردنی داهات بۆ باشترکردنی بارودۆخی ئابوری خێزانەکان تا منداڵاکانیان ناچار نەکەن بە کارکردن.
دەربارەی ڕێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان
ڕێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان لە پێناوقازانجدا کارناکات، ڕێکخراوێکی سیاسی و حکومی و ئاینی نیە، بەبێ ڕەچاوکردنی نەژاد، ڕەگەز، پابەندییە ئاینی و سیاسیەکان یارمەتی پێشکەش بە منداڵان دەکات .
لە ئێستادا لە چوارچێوەی ٤ بەرنامەی سەرەکیدا کاردەکات ئەوانیش، پاراستنی منداڵ، تەندروستی، پەروەردە و پەرەپێدانی تواناکانی گەنجان و هەروەها فرياگوزاری له كاتی کارەسات.
ئامانجی سەرەکیمان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ مسۆگەرکردنی داهاتوویەکی باشترە لەڕێگەی چاککردن و دابینکردنی پێداویستی جۆراوجۆری ماددی، تەندروستی، کۆمەڵایەتی، ئابوری، و پەروەردەیی.
ئەم ڕێکخراوە لە ساڵی ١٩٩١ لەلایەن بەڕێز هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و خانمی یەکەمی ئێستای عێراق خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد دامەزراوە.
بۆ زانیاری زیاتر، تکایە پەیوەندی بکە:
سۆشیاڵ میدیا پلاتفۆرمەکان:
https://www.facebook.com/kurdistansavethechildren
https://www.instagram.com/kurdistansavethechildren/
https://www.linkedin.com/in/kurdistan-save-the-children/
https://www.youtube.com/@KurdistanSavetheChildren
https://whatsapp.com/channel/0029Vag7rzH2kNFhFEaPXi2P