دەستپێشخەری میزۆپۆتامیا: سیاسەتی کۆمەڵایەتی و چاکسازی لەلایەن گەنجانەوە
لە هەنگاوێکی گەورەدا بۆ بەهێزکردنی توانای گەنجان لە هەرێمی کوردستان، منداڵپارێزی کوردستان نوێترین پڕۆژەی خۆی ڕادەگەیەنێت بە ناونیشانی دەستپێشخەری میزۆپۆتامیا: سیاسەتی کۆمەڵایەتی و چاکسازی لەلایەن گەنجانەوە. پڕۆژەکە لە ڕێکەوتی ١ شوباتی ٢٠٢٥ ەوە دەستی پێکردووە و لە ١٥ ئابی ٢٠٢٥ کۆتایی دێت. ئامانج لەم دەستپێشخەرییە گەیاندنی دەنگی گەنجانە و پەرەدانە بە تواناکانیان بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاری کاریگەر و پێویست لە یاسا و ڕێسا کۆمەڵایەتییەکاندا.
پڕۆژەکە کارێکی هاوبەشی هەریەک لە ڕێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان و ڕێکخراوی منداڵپارێزی جیهانییە، لەلایەن ئاژانسی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی دانیمارک(DANIDA) پاڵپشتی دارایی بۆ دابیندەکرێت و ئامانج لێی ئەنجامدانی چاکسازی
کورتەیەک دەربارەی پڕۆژەکە
پڕۆژەی دەستپێشخەری میزۆپۆتامیا لە سێ قۆناغی سەرەکی پێکدێت کە پەرەدەدەن بە سەرکردایەتی گەنجان و چاکسازی درێژخایەن لە بواری سیاسەتی کۆمەڵایەتی.
١- ڕاهێنان و گەشەپێدانی تواناکانی گەنجان
زنجیرەیەک لە ڕاهێنان ئەنجامدەدرێت دەربارەی بابەتەکانی داکۆکی کردن و حوکمڕانی و بودجەی گشتی دەوڵەت لە سەرجەم پارێزگاکان. وانەکان کارامەیی و کەرەستەی پێویست دابین دەکەن بۆ گەنجان تا بتوانن یاساکان دابڕێژن و کاریگەرییان هەبێت لەسەر بڕیاردەران.
٢- توێژینەوە و پەرەپێدانی یاساکان
لەم قۆناغەدا گەنجانی بەشداربوو دابەشدەکرێن بەسەر چەند گروپێکدا بۆ ئەوەی توێژینەوە بکەن لە سەر چەند پرسێکی کۆمەڵایەتی پەیوەندیدار، لە کۆتاییدا کاتێک توێژینەوەکانیان ئەنجامدا داواکاری پێشکەش دەکەن بۆ ئەنجامدانی چاکسازی لە سیاسەتەکاندا لەسەر ئاستی ناوچەیی و نیشتمانی.
٣- یاسا دانان و داکۆکی کردن بە سەرکردایەتی گەنجان
بەشداربووان هەڵمەتی بانگەشە بە شێوازی ئۆنلاین و ڕاستەوخۆ ئەنجامدەدەن بۆ چاکسازی کردن لە چەند پرسێکی کۆمەڵایەتی، ئامانج لەم چالاکییە گەیاندنی دەنگ و بیروڕای گەنجانە بۆ چاکسازی کردن و گۆڕانکاری کردن لە یاساکاندا.
دەرئەنجام و کاریگەرییەکانی پڕۆژەکە
- گەنجێک هەڵدەبژێردرێت بۆ ئەوەی ببێتە ئەندام لە لیژنەی باڵای پاراستنی مافەکانی منداڵ لە سەر ئاستی وەزارەت، ئەمەش بۆ ئەوەی گەنجان بتوانن کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆیان هەبێت لەسەر یاسا و ڕێسا و بڕیارەکان.
- پلاتفۆرمێکی دیجیتاڵی تایبەت بە گەنجان دادەمەزرێندرێت، کە دەبێتە تۆڕێکی پەیوەندی بۆ گەنجان لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان، کە دەکرێت دوای تەواوبوونی پڕۆژەکەش گەنجانی دیکە سوودی لێوەربگرن.
- تۆڕێکی داکۆکی کردنی درێژخایەن دادەمەزرێنرێت کە لەلایەن گەنجانەوە بەڕێوەدەبرێت و کاریگەری دەبێت لەسەر یاسا و ڕێسا حکومییەکان کە پەیوەندییان هەیە بە چەند پرسێکی کۆمەڵایەتییەوە، بەتایبەت ئەو یاسایانەی تایبەتن بە مافەکانی منداڵان و خۆشگوزەرانیان.