٦ی شوبات، ڕۆژی بەڕەنگاربوونەوەی خەتەنەکردنی مێینە
ساڵانە لە ڕۆژی ٦ی شوبات ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی خەتەنەکردنی مێینە یاد دەکرێتەوە بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری کۆمەڵگە سەبارەت بەم دیاردەیەو کاریگەرییە خراپەکانی و ئەنجامدانی کاری پێویست بۆ نەهێشتنی خەتەنەکردنی مێینە.
خەتەنەکردنی منداڵی مێینە جگە لە زیانی گەورەی تەندروستی پێشەلکارییەکە دژی مافی منداڵ و جۆرێکە لە خراپ مامەڵەکردن و ئەنجامدانی توندوتیژیە دژ بە منداڵ بە پێی بەندەکانی ١٩ و ٢٤ی ڕێککەوتننامەی مافەکانی منداڵی پەسەندکراوی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان /١٩٨٩.
خەتەنەکردنی منداڵی مێینە زیانی کورتخایەن و درێژخایەنی لێدەکەوێتەوە و کاریگەریی نەرێنی هەیە لەسەر تەندروستی و کەسێتی منداڵ، لە ڕووی دەروونییشەوە دەبێتە هۆی پەشێویی دەروونی، خەمۆکی، نائارامیی ودڵەڕاوکێ و ڕەشبینی و زوو هەڵچوون وتووڕەبوونی بەردەوامی بێ هۆکار و بێزاریی بەردەوام.