یادی دامەزراندنی سەنتەری ڕاهێنانی پەروەردەیی
سەنتەری ڕاهێنانی پەروەردەیی بۆ منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت لە ساڵی ٢٠١٤ دامەزراوە و بێبەرامبەر خزمەتگوزاری پەروەردەیی، دەروونی و تەندروستی بۆ ئەو منداڵانە دابیندەکات کە ناتوانن لە ناوەندە پەروەردەییە ئاساییەکان بەردەوام بن لە خوێندن.
لە ساڵیادی دامەزراندنی سەنتەرەکە رۆژی ٢٧ / ٩ / ٢٠١٧، بە مەبەستی خستنەرووی توانا و بەهرەکانی سوودمەندانی سەنتەرەکە چەند چالاکییەکی هونەری پێشکەش بە دایک و باوکان و ئامادەبوان کرا.
ئەم سەنتەرە بە شێوەیەکی زانستی ڕاهێنان بە منداڵان دەکات بە مەبەستی دوانەکاوتنیان و بەردەوام لە هەوڵدایە بۆ پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری بە منداڵان بە کردنەوەی ورکشۆپ و خول بۆ کارمەند و ڕاهێنەری سەنتەرەکە و بڵاوکردنەوەی هۆشیاری سەبارەت بە تایبەتمەندییەکانی ئەم منداڵانە.
جێی ئاماژەیە کە لە ماوەی ٣ ساڵی کارکردنیدا ٥٣٠ منداڵ سوودمەندی سەنتەرەک بوون و لە ئێستادا ١١٠ منداڵ ڕۆژانە سوودمەندی سەنتەرەکەن.