+964 53 330 10 40

ژمارەی تۆمار لە: بەریتانیا 22 75 102
1z1774 عێراق
L 505 کوردستان

سپۆنسه‌ره‌کانی شاری ئیڤریا/ ئیتالیا سه‌ردانی منداڵی گرتنه‌خۆ ده‌که‌ن

 له‌ به‌رواری (15 تاکو 23 /3 /2014) كۆمیته‌ی شاری ئیڤریا له‌ ووڵاتی ئیتاڵیاوه‌  به‌ سه‌رۆكایه‌تی (گرازێلا) و چه‌ند ئه‌ندامێكی تری ئه‌و كۆمیته‌یه‌ به‌ناوه‌كانی (گاستۆنی, ئه‌رمانۆ, جیلبرتۆ, كلاودیۆ) له‌گه‌ڵ هه‌ردوو به‌ڕێز ( مامۆستا عه‌بدولجه‌بار مسته‌فا باخه‌وان, د.عواتف) ی خێزانی كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی خۆبه‌خش له‌ سه‌ره‌تای دروست بوونی “كۆمیته‌ی به‌دوانه‌كردنی  ئیڤریا-قه‌ڵادزێ‌ ” وه‌ له‌ساڵی  1992 كاری وه‌رگێران ده‌كه‌ن, سه‌ردانی كوردستانیان كرد.                                                                

 میوانان بوون به‌ دوو گروپه‌وه‌, گروپی یه‌كه‌م ” گرازێلا , گاستۆنی ” له‌ (16-17/3/2014) دا سه‌ردانی “شاری هه‌ڵه‌بجه‌ی شه‌هید “یان كرد به‌مه‌به‌ستی به‌شداری كردنیان له‌ یادكردنه‌وه‌ی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ و بینینی سه‌رجه‌م‌ ئه‌و سوودمه‌ندانه‌ی له‌ لایه‌ن سپۆنسه‌ره‌كانی شاری “ئیڤریا” وه‌ له‌ خۆگیراون كه‌ژماره‌یان (7) سوودمه‌ند بووله‌گه‌ڵ خێزانه‌كانیاندا له‌ مۆنۆمێنتی یادگاری هه‌ڵه‌بجه‌.

 گروپی دووه‌م, له‌به‌رواری (16 / 3) سه‌ردانی شاری قه‌ڵادزی یان كرد, مه‌به‌ستی سه‌ره‌كی له‌ سه‌ردانه‌كه‌یان كردنه‌وه‌ی خولێكی فێربوونی شاخه‌وانی بوو  وه‌ك كارێكی خۆبه‌خش له‌لایه‌ن ” ئه‌رمانۆ, جیلبرتۆ, كلاودیۆ”وه‌ بۆ گه‌نجانی قه‌ڵادزێ‌  به‌شداربوان نوێنه‌ری   ” ته‌ندروستی , ئاسایش, پۆلیس, مامۆستایانی وه‌رزش ” بوون  مه‌به‌ست له‌م خوله‌ بوژانه‌وه‌ی گه‌شت و گوزاره‌ له‌ ناوچه‌شاخاویه‌كانی  پشده‌ر.

گروپی یه‌كه‌م له‌به‌رواری(18 / 3) سه‌ردانی شاری قه‌ڵادزێ‌ یان كرد , هه‌ردوو گروپ  له‌لایه‌ن قایمقامی قه‌ڵادزێ‌ و به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ و شاره‌وانیه‌كانی ئه‌و سنوره‌ پێشوازیه‌كی گه‌رمیان لێ‌ كرا, بۆ به‌رز نرخاندنی  ئه‌رك و ماندوو بوونیان له‌لایه‌ن ڕێكخراوی منداڵپارێزی كوردستانه‌وه‌ دیاری رێزلێنانیان پێشكه‌ش كرا له‌گه‌ڵ جلو به‌رگی كوردی . له‌كاتی مانه‌وه‌یاندا سه‌ردانی (نه‌خۆشخانه‌ی گشتی  قه‌ڵادزێ‌ ) یان كرد و له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌ری نه‌خۆشخانه‌وه‌ دیاری ڕێزلێنانیان پێشكه‌ش كرا وه‌ك سوپاسێك بۆ به‌هانه‌وه‌هاتنی خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ به‌دروست كردنی نه‌خۆشخانه‌یه‌ك, له‌ ڕۆژی دوایشدا  چاویان به‌ سه‌رجه‌می ئه‌و سوودمه‌ندانه‌ كه‌وت كه‌له‌لایه‌ن ووڵاتی “ئیتاڵیا-ئیڤریا” وه‌ له‌ خۆ گیراون له‌ ناوچه‌ی پشده‌ر كه‌ژماره‌یان (52) سوودمه‌نده‌ له‌گه‌ڵ خێزانه‌كانیاندا.

له‌  كازیوه‌ی قه‌ڵادزێ‌  چه‌ند   چالاكیه‌كی تایبه‌ت به‌ بۆنه‌ی جه‌ژنی نه‌ورۆزه‌وه‌  پێشكه‌شی میوانه‌كان كرا  كه‌ جێگه‌ی ده‌ست خۆشی بوون له‌ لایه‌ن میوانه‌كانه‌وه‌. له‌ به‌رواری (20 – 21 / 3 / 2014) دا به‌شداری   ئاهه‌نگی نه‌ورۆزیان كرد له‌ شاری قه‌ڵادزێ‌,  له‌ كۆتایی سه‌ردانه‌كه‌یاندا گه‌ڕانه‌وه‌  شاری هه‌ولێر.

Leave a Reply